2022-09-06 05:16
دوابەدوای بەدواداچونی لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان دەسەڵاتدارانی هەولێر رۆژنامەنووس كەریم كەیفی پەیامنێری ئێن ئار تی ئازاد دەكەن
بەهەوڵی نوسینگەی لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان لەعێراق و پەیوەندیكردن بە لایەنە ئەمنیەكانی هەولێرەوە، رۆژنامەنووس كەریم كەیفی پەیامنێری ئێن ئار تی ئازاد كرا، كە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سۆران لەكاتی رۆماڵكردنی رووداوێك لە ناوچەی خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سۆران دەستگیركرابوو.
لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان بەدەنگەوە هاتنی لایەنە ئەمنیەكانی هەولێر بەدەم داواكاری نوسینگەی لیژنەكە لەعێراق، بەرز دەنرخێنێت كە سەرئەنجام رۆژنامەنووس كەریم كەیفی ئازاد كرا.
لیژنەكە دووپاتیدەكاتەوە كە پاراستنی رۆژنامەنووسان و راگەیاندكاران بەرپرسیارێتی دەسەڵاتداران و لایەنە ئەمنیەكانە بەپێی دەستور و یاسا كارپێكراوەكان، و سنورداركردنی ئازادی رۆژنامەنووسان و راگەیاندكاران و دەستدرێژیكردنە سەریان تاوانە و پیشێلكردنێكی زەقی هەموو یاساكانە و دژ بە رێساكان و بنەماكانی راگەیاندنی جیهانیە بۆ مافەكانی مرۆڤ و پاراستنی رۆژنامەنووسان.
لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان