لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان چاوی بە سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ كەوت

2022-09-01 02:29

معرض الصور العراق

سەڵاح زوبەیدی نوێنەری لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان نوسینگەی عێراق، چاویكەوت بە دكتۆر عەلی جاسم شممەری ئەندامی لیژنەی رێگەپێدراو لە ئیدارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و راپۆرتێكیشی پێشكەشكرد سەبارەت بەو پێشێلكاریانەی دژ بە رۆژنامەنووسان لەخۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەدا كرا.
سەڵاح زوبەیدی نوێنەری لیژنەكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند رۆژنامەنووسان لە خۆپیشاندانەكانی ناوچەی سەوزی بەغدا رووبەڕووی پێشێلكاری و هەراسانكردن بونەتەوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەی سەوزەوە دەستبەسەر كەلوپەلەكانیاندا گیراوە، سەرەڕای ئەوەی دەستدرێژی جەستەیی كراوەتە سەریان و بارەگاكانی تایبەت بە دەزگاكانی راگەیاندن كراونەتە ئامانج.
داوایشیكرد یاسای پاراستنی رۆژنامەنووسان چالاك بكرێت لەپێناو گەرەنتیكردنی مافەكانی رۆژنامەنووسان و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بەئازادیەكی رەها دوور لە هەراسانكردن و پێشێلكاری كە زۆربەی كات رۆژنامەنووسان لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان رووبەڕوویان دەبنەوە.
زوبەیدی سەرزەنشتی هەندێك لەهەڵسوكەوت و هەراسانكردن و حاڵەتی رەشبگیری كرد كە رووبەڕووی هەندێك لە راگەیاندكاران بونەوە لەكاتی جێبەجێكردنی كاری رۆژنامەوانی خۆیان لەبوارە جیاوازەكاندا.
بەپێی بەیاننامەكە دوای ئەوەی تاوتوێی ئەو دۆسێیانە كراون لەكۆبونەوەكەدا، زوبەیدی پێداگریكرد لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر بەو پێشێلكاریانە.
دووپاتیشیكردەوە بەرێكەوتن لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ هەنگاو دەنێن بەرەو رێكخستنی وۆرك شۆپ بۆ كاری راگەیاندكاری و ئامادەبونی لیژنەكەشی دەربڕی بۆ كردنەوەی رێڕەوی هاوبەش بۆ چاودێریكردن و بەبەڵگەنامەكردن و ڕاهێنان و داكۆكیكردن لە چوارچێوەی یاسای كارپێكراودا.
كۆمسیۆنیش لەلایەن خۆیەوە تەواوی ئامادەیی خۆی دووپاتكردەوە بۆ هاوكاری لەگەڵ لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان نوسینگەی عێراق و لەبەرچاوگرتنی ئەو وردەكاریانەی لەكۆبونەوەكەدا باسكراون و هەنگاونانی یاسایی بۆ پاڵپشتی لە رۆژنامەنووسان و گەرەنتیكردنی مافەكانیان.